شێرکۆ ڕەوشەنی دوای حەوت مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

شێرکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، دوای ٦ مانگ و ٢٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:٥٠


هەنگاو: دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

شێرکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، دوای ٦ مانگ و ٢٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی جولایی ٢٠٢٣)، شێرکۆ ڕەوشەنی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، دوای ٢١٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە تاکوو کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا ئەو هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەریوان و سنە و هەروەها لە بەندیخانەی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تردا ڕایگەیاندووە؛ سەرەڕای ئەوەی کە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکان لە شێرکۆ ڕەوشەنی لە وەزارەتی ئیتلاعات دوو جار کۆتایی پێ هاتووە، بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕێگەی ئازادیی کاتی بە ناوبراو نادەن و بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی نوێ دەکەنەوە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافەکانی دیکە بێبەری و بێبەش کراوە.

شێرکۆ ڕەوشەنی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە