فەرهاد نەوایی، قوتابیی خەڵکی مەهاباد سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا
فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد کە، لە ئێستادا بۆ ماوەی حەوت مانگ و ٢٣ ڕۆژە دەستبەسەرکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی تایبەت بە مێرمندا
هەنگاو: دووشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢
فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد کە، لە ئێستادا بۆ ماوەی حەوت مانگ و ٢٣ ڕۆژە دەستبەسەرکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە، لقی مەهاباد، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە، لقی مەهاباد، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەهەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازیدا بەسەر فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵدا سەپاند. ئەم مێرمنداڵە کە خەڵکی گوندی "ترشکان" سەر بە مەهابادە، تۆمەتبار کراوە بە "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی نێوخۆیی وڵات".
ناوەندی هەواڵدەری میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەوە لە هەواڵێکدا بانگەشەی ئەوەیکردووە کە فەرهاد نەوایی لەم دادگایەدا لەژێر تۆمەتی "موحارەبە" بێ تاوان دەرچووە.
لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، فەرهاد نەوایی لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و لە ئێستادا لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازی ئورمیەدا ڕاگیراوە. ناوبراو لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا ئەشکەنجەکراوە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی ژێر ١٨ ساڵ لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ٢٠١ کەسیان ئاشکرابکات.