دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی یەعقووب فەتاحی، ئیدریس محەممەدی ئازەر و ئەیووب عەبدوڵڵاپوور لەم حەفتەیەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٣٠


هەنگاو: دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی یەعقووب فەتاحی، ئیدریس محەممەدی ئازەر و ئەیووب عەبدوڵڵاپوور لەم حەفتەیەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواسترانەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی جولای ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی یەعقووب فەتاحی و خەڵکی گوندی "بادیناوێ"ی پیرانشار لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها چەند کاتژمێر دواتریش هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ئەیووب عەبدوڵڵاپوور و خەڵکی گوندی "شێناوێ"ی سەر بەو شارە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووە.

کاتژمێر ١١: ٠٠ی بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٨ی جولای ٢٠٢٣)، ئیدریس محەممەدی‌ئازەر، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "باوڵە"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی پووشپەڕ لە پیرانشارەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.

پاش دەستبەسەربوونی ئەو سێ هاووڵاتییە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە