دوو هاووڵاتیی لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شۆڕش ئیبراهیمی و مامۆستا عومەر ئیبراهیمی ( کامووسی) ، کەسایەتی ئایینی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا. دەستب

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٤٨


هەنگاو: دووشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣


دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شۆڕش ئیبراهیمی و مامۆستا عومەر ئیبراهیمی ( کامووسی) ، کەسایەتی ئایینی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا. دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی پێشگیری هێزەکانی حکوومەت لە بەڕێوەچوونی پرسەت سەرەخۆشی لوقمان ئاجی، چالاکی سیاسی کە لەم دواییانەدا تیرۆرکرابوو، ڕوویداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی جولایی ٢٠٢٣)، شۆڕش ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی گەرگول سفلی* و عومەر کامووسی، مامۆستای ئایینیی ئەم گوندە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکران.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، شۆڕش ئیبراهیمییان لە ڕێگای پەسوێ دەستبەسەرکردووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و پشکنیویانە.

لوقمان ئاجی ناسراو بە (لوقمان گەرگولی) لەگەڵ عادل موهاجر ناسراو بە (سەرباز موهاجر)، کە هەردووکیان ئەندامی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە گوندی گەشتیاری "هەڵشۆ" سەر بە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان تیرۆرکران.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەی تیرۆرکرانی ئەم دوو چالاکە سیاسییە بڵاویکردبووە: "کەسێک بەناوی "ڕەسوڵ ئازەرەخش" ئەم دوو هاووڵاتییەی تیرۆرکردووە، کە ڕاستەوخۆ دوای تیرۆرکردنی ئەم کەسانە خۆی گەیاندووەتە سنوور و خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە سنووری قەڵادزێ کردووەی."

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار چالاکانی سیاسیی و مافی مرۆڤییان لە خاکی باشووری کوردستان تیرۆرکردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە