ئاشکرابوونی ناسنامەی حەفتەمین هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بۆ هەنگاو

ناسنامەی حەفتەمین هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی سولەیمان شاروێرانی بۆ هەنگاو ئاشکرا و پشتڕاست کرایەوە. پێشتر

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:٣٢


هەنگاو: سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ناسنامەی حەفتەمین هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی سولەیمان شاروێرانی بۆ هەنگاو ئاشکرا و پشتڕاست کرایەوە. پێشتر هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی تری بە ناوەکانی عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان گەڵوانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان و فەخرەدین پوودات بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی جولایی ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سە ماڵی سولەیمان شاروێرانی، دانیشتووی گەڕەکی "سەیداوێ"ی شاری شنۆ و بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان و بێڕێزانە دەستبەسەریان کردووە.

پێشتر واتە ڕۆژی یەکشەممە، هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا لەسەر دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی تری ئەو شارە ڕایگەیاند؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردیان لە شاری شنۆ دەست پێ کردووەتەوە و تاکوو ئێستا ناسنامەی شەش کەسیان بە ناوەکانی عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان گەڵوانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان و فەخرەدین پوودات بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

شایانی باسە کە هەموو ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا بێڕێزییان پێ کراوە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان دراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە ئەو حەفت هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە