برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یوونس محەممەدی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و جەماڵ (هێشتا ناوبانگی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە) خەڵکی شاری مەریوان لە کاتی کۆڵبەری و لە بەرزایییەکانی

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٤٨


هەنگاو: سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یوونس محەممەدی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و جەماڵ (هێشتا ناوبانگی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە) خەڵکی شاری مەریوان لە کاتی کۆڵبەری و لە بەرزایییەکانی "تەتە"ی سەر شاری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی جولایی ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناوی یوونس محەممەدی و خەڵکی گوندی "بازان"ی سەر بە شاری جوانڕۆ، بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری شاری نەوسوود بەسەختی بریندار بووە. هاوکات کۆڵبەرێکی تر بە ناوی جەماڵ، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری "تەتە"ی سەر بەو شارە بریندار بووە.

یوونس محەممەدی، دەست، پشت و نێوقەدی بەسەختی بریندار بووە و جەماڵ، کە خەڵکی شاری مەریوان بووە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان سەر و ملی بەسەختی بریندار بووە.


شایانی باسە کە یوونس محەممەدی بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بە مەبەستی چارەسەری و چاودێریی پزیشکی، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە