بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی پرسە و سەرەخۆشییەکانی مەهاباد دوای بڵاوکردنەوەی پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی دەستبەسەرکرا

هاووڵاتییەکی، خەڵکی مەهاباد بەناوی کەماڵ محەممەدپوور، کە لە چالاکانی بواری میدیای ئەو شارەیە، دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێری پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٣٥


هەنگاو: سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی، خەڵکی مەهاباد بەناوی کەماڵ محەممەدپوور، کە لە چالاکانی بواری میدیای ئەو شارەیە، دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێری پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی، کە لە ژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کوژرابوو، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١١ی جولایی ٢٠٢٣)، کەماڵ محەممەدپوور، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "تەرحیمی مەهاباد" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕاستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێری پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی لە کەناڵی تێلێگرامییەکەی دەستبەسەرکراو و ئەم پۆستە دواتر لە کەناڵی "تەرحیمی مەهاباد" ڕەشکراوەتەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانەکە، پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، بەشێوەیەکی توندوتیژانە لە مەهاباد دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کرا. ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، بەهۆی لەدەستدانی هۆشیاری لەژێر ئەشکەنجەدا، بۆ نەخۆشخانەی ئورمیە گواسترابووەوو.

لە ئەنجامدا پەیمان گەڵوانی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی خومەینی بەهۆی لەخواربوونی ئاستی هۆشیار و کەوتنە کۆما، گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو لە درەنگانی شەوی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکان لە مەهاباد ئەسپەردەکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە