دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی خوشک و برایەکی خەڵکی مەریوان

هاووڵاتییەک بە ناوی پشتیوان ئەفسەر و خەڵکی شاری مەریوان، چوار مانگ پێش و خوشکەکەی بە ناوی ئەسرین ئەفسەر، ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەک

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٥:١٧


هەنگاو: چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەک بە ناوی پشتیوان ئەفسەر و خەڵکی شاری مەریوان، چوار مانگ پێش و خوشکەکەی بە ناوی ئەسرین ئەفسەر، ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەسرین ئەفسەر و پشتیوان ئەفسەر، دوو ئەندامی دەستبەسەرکراوی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەو شارە، ماوەیەکی زۆرە دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە بنەماڵەی ئەفسەر، پشتیوان ئەفسەر چوار مانگ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە گواستراوەتەوە. هەروەها ئەسرین ئەفسەر زیاتر لە ٢٨ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و هەنووکەش لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەسرین ئەفسەر لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە و تەنیا یەک جار لە پەیوەندی تەلەفۆنی کورتدا بنەماڵەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها پشتیوان ئەفسەر کە هەنووکەش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران (بارەگای شەهرەمفەر) لە شاری سنە ڕاگیراوە، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری و بێبەش کراوە.

پشتیوان ئەفسەر لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و ئەسرین ئەفسەر ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێسەش لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییانەدا ڕاگیراون.

جێگای ئاماژەیە کە، پشتیوان ئەفسەر پێشتریش لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨دا جارێکی تر دەستبەسەر کراوە و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە. دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ بە مەبەستی جێەجێکردنی سزاکەی دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە، کە لەوێ بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە