دانا قوربانی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

دانا قوربانی، لاوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران و برازای حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کە دوو ساڵ لەمەوبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و جێبەجێ

٢٢ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٣٠


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

دانا قوربانی، لاوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران و برازای حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کە دوو ساڵ لەمەوبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و جێبەجێ کرا، دوای مانگێک لە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٣ی جولایی ٢٠٢٣)، دانا قوربانی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، پاش مانگێک لە دەستبەسەربوونی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ٢٧٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان" و "هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ"ی داوەتە پاڵ دانا قوربانی.

هەنگاو پێشتر لەم بارەیەوە لە ڕاپۆرتێکی تردا نووسیویەتی: هێزە حکوومەتییەکان بە سێ ئۆتۆمبێل چوونەتە ناو دووکانەکەی دانا قوربانی و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕێزانە ناوبراویان ڕفاندووە.

دانا قوربانی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ٢٧٢٣ لە دووکانەکەی خۆی کە دەکەوێتە فازی چوارەمی شاری کامێران، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە ڕفێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە