چارەنووسی ئارەش شەریفی، دانیشتووی مەریوان لەدوای دەستبەسەرکرانییەوە ناڕوونە

دوای ٣٨ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئارەش شەریفی، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری مەریوان، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٢٠


هەنگاو: شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

دوای ٣٨ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئارەش شەریفی، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری مەریوان، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی یەک مانگ و حەفت ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئارەش شەریفی، خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەردەستدانییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەماوەی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا، ئارەش شەریفی هیچ چەشنە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریبووە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە بڵاویکردەوە، کە ئارەش شەریفی لە شوێنی کارەکەی لە مەریوان دەستبەسەرکراوە و هێزەکانی حکوومەت دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گرتووە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، لە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە