گواستنەوەی ئەیووب جەوانپوور لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی سەقز

ئەیوب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە دەستبەسە

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:٢٢


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ئەیوب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندار و ماوەیەکیش دەستبەسەر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٥ی جولایی ٢٠٢٣)، ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، پاش مانگێک و چوار ڕۆژ ڕاگیران لە دەستەبسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دواجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە کە باری جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەتی ناجێگیر بووە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەری جەستەی دیار بووە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تردا ڕایگەیاند؛ بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور لە بەردەستدا نییە و ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی، بێبەری و بێبەش کراوە.

ئەم بەندکراوە کوردە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواستراوەتەوە.

ئەیووب جەوانپوور یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی شاری سەقزە و بەهۆی چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٧١٨، جارێکی تر سزای دادوەری بەسەریدا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە