ئیلام؛ مانگرتنی وەحید چاوەران پاش دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی سوپای پاسداران

هاووڵاتییەک بە ناوی وەحید چاوەران، شاخەوان و چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارۆچکەی سەراوباغی سەر بە شاری ئاودانان، دوای ئەوەی لە

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٠٠


هەنگاو: دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەک بە ناوی وەحید چاوەران، شاخەوان و چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارۆچکەی سەراوباغی سەر بە شاری ئاودانان، دوای ئەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتەی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٦ی جولایی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی وەحید چاوەران، خەڵکی شارۆچکەی سەراوباغی سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەر بارودۆخی خۆی و ئەشکەنجە کرانی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانگی لە خواردن گرت.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، وەحید چاوەران حەفتەی ڕابردوو لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانە و هۆڤانەی هێزەکانی سوپا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پێش کامێرای ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانەوە ناچار بە دانپێدنانی زۆرەملێ دژ بەخۆی بووە.

شایانی باسە کە هێزە حکوومەتییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چەندین جارێک هەوڵی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەیان داوە و جارێکیان بەهۆی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕیژی ئەو هێزانە دوو خوشکی ئەم چالاکە فەرهەنگییە تووشی کێشەی تەندروستی بوون و بۆ نەخۆشخانە گوستراونەتەوە.

دواجار ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٣) وەحید چاوەران کاتێک ویستی لە ئێران بچێتە دەرەوە، لە بازگەیەکی سنووریی شاری ئورمیە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئیلام گواستراوەتەوە. ناوبراو پاش لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگەی سوپای پاسدارانی ئیلام، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە