ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانیان بەسەر سەپا. بەپێی سزای ئەو دوو

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٧:٤١


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

ئیقبال پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانیان بەسەر سەپا. بەپێی سزای ئەو دوو کەسە، ئیقبال پیشکاری سزای ساڵێک و عەبدوڵڵا خەیرئابادی سزای ٢٠ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری کۆماری ئیسلامی" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر ئیقبال پیشکاری و بە هەمان تۆمەت سزای ٢٠ مانگی بەندکردنی بەسەر عەبدوڵڵا خەیرئابادی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنەدا سەپاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی ئیقباڵ پیشکاری بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەسێردراوە و هەروەها سزای ٢٠ مانگی بەندکرانەکەی عەبدوڵڵا خەیرئابادی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگ هەڵپەسێردراوە

ئەم دوو چالاکە کرێکارییانە، شەوی ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە ماڵی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.

دواجار ئیقبال پیشکاری، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی هەمان مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە