ڕاپۆرت/ گیانەبختکردنی دوو لاوی هاوناوی خەڵکی سەقز، کە ناویان "سەید محەممەد حوسێنی"بووە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا

هەنگاو لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە کە دوو لاوی خەڵکی سەقز بەناوی سەید محەممەد حوسێنی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی

٢٩ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢١:٥٥


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هەنگاو لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە کە دوو لاوی خەڵکی سەقز بەناوی سەید محەممەد حوسێنی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژراون. بەهەژمارکردنی ئەم حاڵەتە ژمارەی هاووڵاتییانی گیانبەختکردووی کورد لە ڕەوتی ئەم شۆڕشە گەیشتە ١٣٧ کەس.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، ئەم لاوە گیانبەختکردووە ناوی سەید محەممەد حوسێنی، خەڵکی سەقزە و کوڕی سەید هادی حوسێنی و مەلیحە حەسەن نژادە. ناوبراو لەو لاوانەبووە کە بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بووە و دوای ناسرانەوەی لەلایەن ئیبراهیم ئەبازرەری ئەندامی هێزە سەرکوتکارەکان، لە پیلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراودا لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانەوە دەکوژرێت. شیاوی ئاماژە پێدانە کە ئیبراهیم ئەبازەڕی لە نزیکانی بنەماڵەیی ئەم لاوە بووە.

بەپێی پیلانی لە پێشدا بەرنامەبۆداڕێژراوی هێزەکانی حکوومەت، ئەندامێکی هێزە سەرکوتکارەکان، پەیوەندی بە "سەید محەممەد حوسێنی" کە پیشەی شۆفێری بووە دەکات و داوای گواستنەوەی کەسێکی لە نێو شاردا لێدەکات بە نرخێکی زۆر، کە ناوبراو بەم پێشنیارە ڕازی دەبێت. دوای تێپەڕاندنی مەودایەک لە دەرەوەی شاری و لە نزیک ناحیەی قەوخ ئەم لاوە لە ئەنجامی هێرشی ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی هۆڤانانە دەکوژرێت. وردەکاری زیاتر لەمبارەوە لەبەردەستدانییە.

لە ئەنجامی گوشاری لە ڕادەبەدەر و هەڕەشەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بنەماڵەی سەید محەممەد حوسێنی (کوڕی سەید هادی حوسێنی و مەلیحە حەسەن نژاد)، نەیانتوانیوە سکاڵا لە دژی کوژرانی کوڕەکەیان تۆماربکەن و ناچار هۆکاری مەرگی کوڕەکەیان بە "خۆکوژی" ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدایە، تەرمی سەید محەممەد حوسێنی لە ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کەشێکی تەواو ئەمنیەتیدا و لە ژێر گوشاری هێزەکای ئیتلاعاتی سوپا، بەبێ بەشداری خەڵک، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ئەسپەردەکراوە.

مەلیحە حەسەن نژاد، دایکی ئەم لاوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ (٩ی جولایی ٢٠٢٣) کە لەدوای بیستنی هەواڵی گیانبەختکردنی کوڕەکەی تووشی جەڵتەی مێشک بوو و نزیکەی حەوت مانگ کەوتە کۆما، لە نەخۆشخانەی ڕەجایی تاران گیانی سپارد.

سەید محەممەد حوسێنی، کوڕی سەید عەلی حوسێنی و ناسکە محەممەدپوور، لاوێکی دیکەی گیانبەختکردووی خەڵکی سەقزە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر لە شوێنی نیشتەجێبوونی کوهدەشت لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژرا.

سەید محەممەد حوسێنی (کوڕی سەیدعەلی حوسێنی و ناسکە محەممەدپوور) لە کاتێکدا لەبەرانبەر تێکشاندنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتەوە لە گەڕەکەی "مەسکەنی مێهر"ی کوهدەشت ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، بە ئۆتۆمبێلی هێزەکانی دژە شۆڕش دەکرێت ژێرەوە و ڕاستەوخۆ گیان لەدەست دەدات.

هەروەها تەرمی سەید محەممەد حوسێنی (کوڕی سەیدعەلی حوسێنی و ناسکە محەممەدپوور)، لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ژێر گوشار و چاودێری هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتدا لە گۆڕستانی شاری سەقز بەخاک سپێردرا.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ١٣٧ هاووڵاتیی کورد، کە هەنگاو توانیویەتی ناسنامەیان ئاشکرا بکات کوژراون، کە ٧ کەسیان لە شاری سەقزدا گیانیان بەختکردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە