سامان یاسین: تەنانەت پارێزەری دیاریکراوی خۆشیان لە دەستپێڕگەیشتنی دۆسیەکەم بێبەری کراوە

سامان یاسین، ڕاپێر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان کە زیاتر لە ١٠ی مانگە دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە، پەیامێکی دەنگی

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٩:٢٣


هەنگاو: هەینی، ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣
سامان یاسین، ڕاپێر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان کە زیاتر لە ١٠ی مانگە دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە، پەیامێکی دەنگی لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا جەختی لەبێتاوانیی خۆی کردەوە و داوای پشتیوانیی جەماوەریی خەڵک دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سامان سەیدی، ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپێر و ئاوازدانەری کورد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ تاوانێکی نەکردووە و دەستبەسەرکردنی ناوبراو هیچ بنەمایەکی یاساییی نییە.

ئەم هونەرمەندە ناڕازییە لە بەشێکی پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە ناکارامەبوون و بایەخنەدان بە دۆسیەکەی لەلایەن داداوەر "سەڵواتی" لە ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراودا وتی: "دادوەر سەڵواتی پارێزەرێکی دەستنیشانکراوی بۆم دیاری کردووە و هاوکات ئەو پارێزەرە دیاریکراوەشی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی بێبەری کردووە".

سامان یاسین وتیشی؛ "مەبەست لەو هەموو هەوڵ و درۆ و پڕوپاگەندانە، تەنیا بۆ ئەشکەنجەی دەروونی و ئەزیەتکردن"ی ناوبراو بووە و ڕایگەیاند کە دادوەریی دۆسیەکەی زۆر نادادپەروەرانە بووە و ئەو دادگایەش لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە سەرڕاست نەبووە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە سامان ڕایگەیاند؛ ئەو هونەرمەندە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە.

سامان یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە: "ئەگەر هەر تاوانێکم هەیە بیخەنە ڕوو، ئەگەریش هیچم نەکردووە لەخۆڕا تاوانبارم مەکەن و ئازادم بکەن. بۆچی هێشتا چارەنووسم ناڕوونە و یەکلایی ناکەنەوە. ئەگەر سەد ساڵی دیکەش لەو دۆخە بمێنمەوە و هەر دەستبەسەر بم، بێگومان هیچ شتێکتان لە من دەست ناکەوێت، چونکە بەڕاستی هیچم نەکردووە و بێتاوانم".

هەروەها هەنگاو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی پێشتریدا ڕایگەیاند؛ دانیشتنی دادگاییکردنی سامان یاسین، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە شاری تاران بەڕێوە چووە و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەشکراوی ناوبراو، بە شەڕکردن بە دژی خودا (واتە موحارەبە) تۆمەتبار کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕاپێری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانیی ناوبراو لە ڕاپەڕینی خەڵک و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران و کوردستان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندراوە.

ئەو هونەرمەندە چەندین گۆرانیی کوردیی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە، هەروەها لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری، پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی خەڵک دەربڕیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە