ڕاپۆرت/ ناڕوونی چارەنووسی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ بەسەر دەستبەسەرکرانیاندا

موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، چوار بەندکراوی سیاسیی کوردن کە ساڵێک لەمەوپێش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەس

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:٣٧


هەنگاو؛ شەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، چوار بەندکراوی سیاسیی کوردن کە ساڵێک لەمەوپێش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراون و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە لەبەردەستدانییە. بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەم بەندکراوانە لە ژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدابوون.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، موحسین مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی مەهاباد؛ محەممەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان؛ وەفا ئازەربار، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان؛ پژمان فاتیحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کامێران؛ بەبێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین مافی بەندکراوێکی سیاسیی، هەتا ئێستا لە ناوەندە ئەمنییەکاندا دەستبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدانییە.

لە مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٢، میدیاکانی سەر بە حکومەت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردبووەوە کە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەن لە کاتێکدا کە "چەکداربوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە" دەستبەسەرکراون.

حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران دوای ئەم ڕاپۆرتە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاوکردوە و بانگەشەکانی حکوومەتی وەدەرۆ خستەوە. لەم ڕاگەیاندراوەی کۆمەڵدا هاتبوو کە "ئەم سیناریۆیانە بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک و خۆپیشاندەران دروستکراوە".

کەناڵەکانی حکومەت، لانی کەم دوو جار دانپێدانانی زۆرەملێی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی بەشێوەی ڤیدییۆیی بڵاوکردووەتەوە. ئەم کارەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشینەدارە و پێشتریش وەک بەڵگە بۆ سیناریۆیی هێزە ئەمنییەکان و بەمەبەستی دۆسیەسازی کەڵکی لێوەرگیراوە.

بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندان، بەشێوەیەک کە ئەفسانە یوسفی، دایکی پژمان فاتیحی چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگکراوە و وێڕای ئازاری جەستەیی و دەروونی هەڕەشەی بانگکران و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لێکراوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم چوار ئەندامەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لە گوندی "یەنگجە" سەر بە ناوچەی برادۆستی ئورمیە دەستبەسەرکرابوون.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەمنییەتی کردنەوەی دۆسییەی بەندکراوانی سیاسیی کورد، بەتایبەتی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیگەرانی جددی خۆی لەبارەی چارەنووسی ئەم چوار بەندکراوە کوردە دەردەبڕێت و داواکارە کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕاستایەدا وەڵامدەربێت و هەموو مافەکانی بەرگری لەخۆکردن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخواز بۆ ئەم بەندکراوانە دەستەبەربکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە