هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی چالاکیی قوتابخانەیەکی شاری سنە بەهۆی پشتیوانیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان

مۆڵەتی چالاکی قوتابخانەی ئامادەیی و سەرەتاییی وەرزشیی "ئارتینا" لە شاری سنە بە بیانووی"پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان" لەلایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکا

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٥٨


هەنگاو: شەممە، ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

مۆڵەتی چالاکی قوتابخانەی ئامادەیی و سەرەتاییی وەرزشیی "ئارتینا" لە شاری سنە بە بیانووی"پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان" لەلایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەنجوومەنی چاودێریی قوتابخانە و ناوەندە ناحکوومیەتییەکانی شاری سنە، مۆڵەتی بنکەیەکی فێرکاری و پەروەردەییی سەرەتایی بە ناوی "ئارتینا" لە ناوچەی ٢ی شارە، بەهۆی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری سنە لە ساڵی ڕابردوودا، هەڵوەشاندەوە.

بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون؛ بڕیاری ئەم ئەنجوومەنە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوی قوتابخانە و ناوەندە ناحکوومەتییەکان و هەروەها بەشی پەرەپێدانی بەشدارییە جەماوەرییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کراوە و جێبەجێ دەکرێت.

سپیدە سەفاریان، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری ئەم قوتابخانە وەرزشییە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەو بنکە فێرکاری و پەروەردەیییە ڕایگەیاند؛ بەهۆی دۆسیەسازی و ڕاپۆرتلێدانی ناڕاست و چەواشەکارانە مۆڵەتی ئەم قوتابخانەیە هەڵوەشاوەتەوە.

قوتابخانەی ئامادەیی و سەرەتاییی "ئارتینا" لە ساڵی ٢٧١٠ بە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە