دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی شوجاع حوسێنزادە، چالاکی میدیایی لە شاری بانە

هەنگاو زانیویەتی کە شوجاع حوسێنزادە، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "بانە نیوز" لە چوار مانگی ڕابردووەوە بەبێ هیچ بەدواداچوونێک بۆ دۆسییە

١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١١:١٩


هەنگاو: یەکشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هەنگاو زانیویەتی کە شوجاع حوسێنزادە، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "بانە نیوز" لە چوار مانگی ڕابردووەوە بەبێ هیچ بەدواداچوونێک بۆ دۆسییەکەی لە بەندیخانە ڕاگیراوە. ناوەندە حکوومەتییەکان لەژێر ناوی ئەو شتەی کە بە "ڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان" دەناسرێت، ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەرکردوە و هەروەها مەترسی سەپێندرانی سزای سێدارە بەسەر ناوبراودا لە ئارادایە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شوجاع حوسێنزادە، چالاکی میدیایی، خەڵکی بانە لە ١٢٣ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە، شوجاع حوسێنزادە لە هەموو ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە بەندی تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە و لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. لە ئێستادا ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بەندکراوە.

بەپێی ئەو بەڵگە و ڤیدییۆیانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، چەند جارێک گروپە توند ئاژۆوە سەلەفییەکان هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی شوجاع حوسێنزادەو ئەم کارەیان بەبێ هیچ ڕێگرییەکی یاسایی هەموو جارێک دووبارە بووەتەوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژی دەستبەسەرکرانیدا، بە ئامادە بوونی ناوەندە ئەمنییەکان، ئەندامانی شورای ئەفەتا و کۆمەڵێک لە سەلەفییەکانی بانە،شوجاع حوسێنزادە ناچار بە خوێندنەوەی بابەتێک کراوە کە گرووپە سەلەفییەکان لە بانە وەک "تۆبە نامە" ناویان هێناوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە کەناڵی تێلێگرامی و لاپەڕەی ئینستاگرامی بانە نیوز، کە لەلایەن شوجاح حوسێن زادەوە بەڕێوەدەچوو، بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەکان داخراون.

دەوترێت کە ئەم چالاکی میدیاییە، ئەگەری سەپاندنی تۆمەتی "سب النبی" بەسەریدا لە ئارایە. تۆمەتێک کە دەتوانێت سزای سێدارەی لێبکەوێتەوە.

شوجاع حوسێنزادە، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری بانە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە ڕاگیرا.

نزیک بە شەش حەوتووی ڕابردوو، ناوبراو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە و لە ئێستادا چارەنووسی ناڕوونە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە هەواڵی دەستبەسەرکرانی شوجاع حوسێنزادە هەتا ئێستا لە هیچ میدیاییەکدا بڵاو نەکراوەتەوە و هەنگاو بۆ یەکەمجار ئەم هەواڵە میدیایی دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە