سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ بەندکردن بەسەر ئەیووب جەوانپوور، لاوی خەڵکی سەقز

ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە سەرجەم سزای پازدە ساڵ بەندک

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٠٩:٣٨


هەنگاو: دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە سەرجەم سزای پازدە ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو یەکێک لە بریندارەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٢ی جولایی ٢٠٢٣)، ئەیووب جەوانپوور، لاوی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان جەهانی" و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی" سزای ١ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "سەرپەرستیکردنی گرووپێکی زیاتر لە دوو کەس بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەت" سزای ١٠ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای ٢ ساڵ بەندکردن، واتە سەرجەم ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، بڕیاری زۆرترین سزا واتە ١٠ ساڵ بەندکردن بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە جێبەجێ دەکرێت.

هەنگاو پێشتر وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٥ی جولایی ٢٠٢٣)، ئەیووب جەوانپوور، پاش مانگێک و چوار ڕۆژ ڕاگیران لە دەستەبسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دواجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە، بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە کە باری جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەتی ناجێگیر بووە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەری جەستەی دیار بووە.

ئەیووب جوانپوور ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

ئەیووب جەوانپوور یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی شاری سەقزە و بەهۆی چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٧١٨، جارێکی تر سزای دادوەری بەسەریدا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە