هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی نێ و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کاسبکاران

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت هەڵیانکوتایە سەر گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان و سەرەڕای ئەوەی کە تەقەیان لە ماڵ و دوو

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:٤٢


هەنگاو: دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت هەڵیانکوتایە سەر گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان و سەرەڕای ئەوەی کە تەقەیان لە ماڵ و دووکانی خەڵکی گوندەکە کردووە، دەستیان بەسەر کەلوپەلی کاسبکاراندا گرتووە و بەم هۆیەشەوە دۆخێکی ئەمنییەتی و میلیتاریزەیان هێناوەتەوە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی حکوومەت هێرشیان کردووەتە سەر گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان و بەهۆی تەقەی ئەو هێزانە ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو گوندە و بەتایبەت ژنێک بە ناوی "ئەسرین کانیسانانی" بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کە ئەم هێرشەیان کردووەتە سەر ئەو گوندە، زیاتر لە چل کەس بوون و بە چەند ئۆتۆمبێلێکەوە چوونەتە ناو گوندەکە، هەروەها لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کاسبکاران، هاوکاتیش تەقەیان لە ماڵ و دووکانی خەڵکی گوندەکە کردووە و دۆخێکی بەتەواوەتی ئەمنییەتی و میلیتاریزەیان هێناوەتەوە ئاراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە کاتی ئەو هێرشەدا زیانی زۆریان بە دووکان و ماڵی هاووڵاتییانی گوندی نێ گەیاندووە و لە کاتی بەرەنگاریی دانیشتووانی ئەو گوندە، هێزە حکوومەتییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە.

 

لینکی ڤیدیۆ
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە