سزای دوو ساڵ بەندکردن بەسەر بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریدا سەپێندرا

بورهان سەعیدی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری شار سنە و بەندکراوی سیاسیی پێشووی دەیەی شەستی هەتاوی، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:١٩


هەنگاو: سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بورهان سەعیدی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری شار سنە و بەندکراوی سیاسیی پێشووی دەیەی شەستی هەتاوی، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٣)، بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەری سەعیدی سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای دوو ساڵ بەندکردنی سەپێندراو بەسەر بورهان سەعیدی، تەمەن ٥٩ ساڵدا بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵسەپێندراوە.

بورهان سەعیدی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرابوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی نەخۆشی دڵی بورهان سەعیدی بڵاویکردووە: "لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بورهان سەعیدی لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەریکراوە."

ئەم چالاکی کرێکارییە، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە