ئازادیی کاتی ئەرشەک قەیسەر بەیگی، تەمەن ١٥ ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی

ئەرشەک قەیسەربەیگی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی ئیلام، دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازی ئەم شارە

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٨:١٩


هەنگاو: سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ئەرشەک قەیسەربەیگی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی ئیلام، دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازی ئەم شارە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، (٢٥ی جولایی ٢٠٢٣)، ئەرشەک قەیسەربەیگی، تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی ئیلام و دانیشتووی سەراوڵە بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی لە کانونی پەروەردە و چاکسازی ئیلام ئازادکرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەکرانی ئەم منداڵە نووسیبووی: "ئەرشەک قەیسەربەیگی لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا ناچار بە واژۆکردنی لاپەڕەیەکی سپی کراوە".

ئەرشەک قەیسەربەیگی، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەراوڵە دەستبەسەرکرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییەوە بۆ کانونی پەروەردە و چاکسازی ئیلام گواستراوەتەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە، ئەرشەک قەیسەربەیگی، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شاری سەراوڵە دەستبەسەرکرابوو و بە دانانی بارمتە دوای ماوەیەک ئازادکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە