گیانیلەدەستدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی نەزەری و خەڵکی شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەم شارە گیانی لەدەست داوە.

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:١٢


هەنگاو: پێنجشەممە، ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی نەزەری و خەڵکی شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەم شارە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٦ی جولایی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی نەزەری، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە گەڕەکی "جافراوا"ی ئەم شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە تەقە لە سەر و سینگی کراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ عەلی نەزەری بەهۆی دۆسیەیەکی تۆمەتبارانەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەژێر چاوەدێریدا بووە و ڕۆژی چوارشەممە، کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی کرماشان لە نزیک گردی فەتحعەلی خان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە کوژراوە.


تەرمی ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کرماشان و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە