کرماشان؛ ڕێگری لە مرەخەسی سیاوەش حەیاتی، سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستیی
سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، لەگەڵ ئەوەی تووشی نەخۆشی ئانفلۆنزا بووە، لە بەندیخانەدا ڕ
هەنگاو: پێنجشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، لەگەڵ ئەوەی تووشی نەخۆشی ئانفلۆنزا بووە، لە بەندیخانەدا ڕێگری لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لێکراوە و لە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ هاتنەدەرەوەی کاتی لەبەندیخانەش بێبەری کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سیاوەش حەیاتی، چالاکی مەدەنی و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە کاتێکدا سێهەمین مانگ لە ماوە سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت کە، لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەر بێبەری کراوە.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی دیزڵ ئاوا لە ژێر گووشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، لە پێدانی مرەخەسی بە سیاوەش حەیاتی خۆدەبوێرن و تەنانەت، ڕێگری لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ناوبراو دەکەن.
سیاوەش حەیاتی لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای دەستبەسەرکرانی لە لقی یەکی ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕش لە شاری شاباد، بۆ جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گواستراوە.
پێشتر، ئەم چالاکە یارسانییە، لەلایەن لقی ٥ی دادگای شۆڕشی کرماشان لە شاباد بە تۆمەتی "چالاکی میدیایی لەدژی نیزام لە ڕێگای چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵ و میدیا دژبەرەکانی حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
سیاوەش حەیاتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە ڕێگای کرماشان بۆ سەحەنە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای ٣٣ ڕۆژ بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان ئازادکرا.
ناوبراو پێشتریش، لە ڕۆژی هەینی، یەکی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە گوندی "ورگمە" سەر بە شاری داڵاهۆ دەستبەسەرکرابوو و لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری هەمان ساڵ، بە دانانی وەکالەت لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان ئازادکرابوو.