دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی مەهاباد

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شای مەهاباد بە ناوەکانی سەعادەت تاشکە، مەولوود ئاتەشبار و یووسف ئاتەشبا

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٠٩:٤٧


هەنگاو: شەممە، ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شای مەهاباد بە ناوەکانی سەعادەت تاشکە، مەولوود ئاتەشبار و یووسف ئاتەشبار دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و تا هەنووکەش چارەنووسیان ناڕوونە. یووسف ئاتەشبار بە "موحاربە" تۆمەتبار کراوە و ئێستەش گیانی لە مەترسیدایە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی براکەی و هاوژینی براکەی لە بەردەستدا نییە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەولوود ئاتەشبار، تەمەن ٤٠ ساڵ و سەعادەت تاشکەی هاوژینی، ماوەی زیاتر لە ٦٣ ڕۆژە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە کێڵگەیەکی پەراوێزی شاری مەهاباد کاریان دەکرد، دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستی، شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەولوود ئاتەشبار نزیکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشیی کۆئەندامی دەمارەکانی سەعادەت تاشکەی هاوسەری ناچار بوون ماوەیەک لە تورکیا نیشتەجێ بن. ئەم ژن و مێردە دواتر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و دوای ئەوەی کە هیوایان بە پرۆسەی چارەسەرکردن نەما، گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باخچەیەکی نزیک شاری مەهاباد سەرقاڵی کارکردن بوون.


هەر لەم پەیوەندییەدا ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "ناوەندە حکوومەتییەکان لە ماوەی ٢ مانگ و ١ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگەی چاوپێکەوتنیان بە سەعادەت تاشکە و مەولوود ئاتەشبار لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەداوە و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەگرتووە، بۆیە نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستییان زۆر جددییە".


هەروەها یووسف ئاتەشبار، تەمەن ٤٣ ساڵ و برای مەولوود ئاتەشبار، ماوەی ٦٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تەنیا دوو جار پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتماوەی بە بنەماڵەکەی گرتووە و لەسەر دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئورمیە ئاگاداریانی کردووەتەوە.


ناوبراو کە باوکی سێ کچە و لە دووکانێکی چاککردنەوەی ماتۆڕ کار دەکات، لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار دانپێدانانی زۆرەملێ بووە و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیەش تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوەکان" و "موحاربە" دراوەتە پاڵی.


شایانی باسە کە ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشە لە بنەماڵەی یووسف و مەولوود ئاتەشبار کردووە و داوای ڕادەستکردنی برایەکی دیکەیان بەناوی موراد ئاتەشبار دەکەن کە ئێستا نیشتەجێی تاراوگەیە.
ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، یووسف ئاتەشبەر لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ لە دووکانەکەی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.


هەروەها مەولوود ئەتاشبار و سەعدەت تاشکەی هاوژینی، ڕۆژی هەینی، ٥ی هەمان مانگ لە شوێنی کارەکەیان کە دەکەوێتە دەرەوەی مەهاباد، دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە