لە دوای لێدرانی دەرزییەک لە سامان یاسین، دۆخی تەندروستی تێکچووە

سامان یاسین، هونەرمەند و ڕاپەڕی دەستبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان، دوابەدوای ئەوەیکە لە ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا دەرزییەکی لێدراوە، بار

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١١:٥٥


هەنگاو: سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سامان یاسین، هونەرمەند و ڕاپەڕی دەستبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان، دوابەدوای ئەوەیکە لە ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا دەرزییەکی لێدراوە، بارودۆخی دەروونی و جەستەیی تێکچووە. ناوبراو لە پەیامێکدا کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، دۆخی تەندروستی و بارودۆخی خۆی لە دوای دە مانگ دەستبەسەرکرانی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ناجێگیر باسکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، (٢٨ی جولایی ٢٠٢٣)، سامان یاسین، تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕاپەڕ و میوزیک ساز لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی تەندروستی خۆیەوە ڕایگەیاند، کە دوای گواسترانەوەی لە بەندیخانەوە بۆ ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا، لە ڕێگای دەرزی دەرمانێکی نەناسراویان بە من داوە. ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی کەم ئەم کارە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ ئەنجامدراوە تەنانەت هەواڵێکیان لەبارەی من بڵاوکردووەتەوە کە گوایە من خۆم کوشتتوە. من هیچ کاتێک دەست بۆ خۆکوژی نابەم و هەر بەڵایەک کە بەسەر من بێت بەرپرسایەتی ڕاستەوخۆی لە ئەستۆی دادوەر سەڵواتییە.

سامان یاسین لەم پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەوە بۆ ناوەندیی دەروننانسی ئەمین ئاوا گواستراوەتەوە و لەو ناوەندە بەزۆر و بەبەکارهێنانی توندوتیژی دەرزییەکیان لێداوە کە هەتا ئێستا نازانێت چ جۆرە دەرمانێکی تێدابووە.

بەوتەی ئەم هونەرمەندە لاوە، دوای لێدانی ئەم دەرزییر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە هۆش خۆی چووە و کاتێک کە بەهۆش هاتووەتەوە، لە نەخۆشخانە بووە و دەست و لاقی بە زنجیر بە تەخت بەستراوەتەوە. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە دەزگایەک بە سەریەوە بەستراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بینایی کێشەی هەبووە.

سامان یاسین لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی نەخۆشخانە هەیە و وتوویەتی: "دەبێت من ببەن بۆ پزیشکی یاسایی، هەتا بزانرێت چ بەڵایەکیان بەسەرمندا هێناوە."

ئەم ڕاپەڕە شەوی سێشەممە ٣ی گەلاوێژ لە ناوەندی دەروونناسی ئەمین ئاوا بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شار گواستراوەتەوە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار لە ئارادایە و لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ئەمساڵ دانیشتنی دادگای بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوەدەچێت.

سامان یاسین لە بەشێکی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە پێش ئەوەی دەستبەسەربکرێت لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە و "دادوەر سەڵواتی و بەرپرسانی حکوومەت" لەبەرانبەر سڵامەتی گیانیدا بەرپرسیارن.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە چەند تۆمەتێک کە یەکێکیان "موحارەبە"بووە لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە دواتر لە دیوانی باڵای وڵات ڕەدکرایەوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچووەنەوەی دووبارە بۆ دادگای پێشوو ڕەوانە کرایەوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، میوزیک ساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شار گواسترایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە