تیکاب؛ ناڕەزایەتی هاووڵاتییان بەرانبەر دانەمەزراندنی خەڵکی ناوچەکە لە کانگای زێڕی ئاقدەرە؛ برینداربوونی سێ هاووڵاتیی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت
سێ هاووڵاتیی ناڕازیی خەڵکی تیکاب بە ناوەکانی ناسر بەهرامیان، حوجەت موئمنزادە، و ئارمین نیکزاد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکران
هەنگاو: دووشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
سێ هاووڵاتیی ناڕازیی خەڵکی تیکاب بە ناوەکانی ناسر بەهرامیان، حوجەت موئمنزادە، و ئارمین نیکزاد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکران. ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕەوتی ناڕەزایەتی لە دژی دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی ناوچەکە لە کانی ئاقدەرە کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییانی کوردی گوندی ئاقدەرە، لە بەرانبەر دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی ناوچەکە لە کانگەی زێڕی ئاقدەرە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، کە لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت ڕووبەڕووبوونەتەوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی بەناوەکانی ناسر بەهرامیان، حەجەت موئمنزادە، و ئارمین نیکزاد برینداربوون.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، گوللە بەر کۆئەندامی زاوزێی ناسر بەهرامیان کەوتووە و هەروەها حەجەت موئمنزادە لە بەشی سینگی و ئارمین نیکزاد لە بەشی شانی برینداربوون. ئەم هاووڵاتییانە بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ئورمیە و ناوەندە دەرمانییەکانی زەنجان گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەو ڤیدییۆیانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتوون، لە دوای ڕوودانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییانی ئەم گوندە و هێزە جێگیرکراوەکان لە کانی زێڕی ئاقدەرە، هێزی سەرکوتکار لە مەهابادەوە بۆ تیکاب بەمەبەستی سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی بەڕێکراون.
هەر لەم ڕاستایەدا، لە مانگی جۆزەردانی ٢٧١٦، ١٧ کرێکاری دەرکراو لە کانی ئاقدەرە بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی سزای پێبژاردنی پارە، بەندکران و ٣٠ جار لێدانی قامچیی بەسەریاندا سەپێندرابوو.