گواستنەوەی خالید محەممەدی لە سنەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز

خالید محەممەدی، خەڵکی شاری سەقز کە ٤٨ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، نزیکەی دوو حەفتە پێش لە دەستبەسەرگەی ئید

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٠٩:٤٢


هەنگاو: دووشەممە، ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

خالید محەممەدی، خەڵکی شاری سەقز کە ٤٨ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، نزیکەی دوو حەفتە پێش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە و هەروەها هاوژینە دووگیانەکەیشی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٥ی جولایی ٢٠٢٣)، خالید محەممەدی، تەمەن ٣٧ ساڵ و هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تورجان"ی سەر بە شاری سەقز، پاش مانگێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، خالید محەممەدی کە ئێستا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سەقز ڕاگیراوە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێتڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ٤٨ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا دوو جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوەی بە بنەماڵەکەی کردووە و باسی بارودۆخی نالەباری خۆی کردووە.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کاڵێ حەسەنپوور، هاوژینی دووگیانی ناوبراوی بانگ کردووە و وێڕای گوشاری دەروونی، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، خالید محەممەدی لە شوێنی کارەکەی لە شاری سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە