برینداربوونی دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ لە سنووری نەوسوود

دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی لایق دەروێشی و ئەرکان ڕەحمانی، لە کاتی کۆڵبەری و لە بەرزایییەکانی سنووری شاری نەوسوود بە تەقەی ڕاس

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٠٩:٢٤


هەنگاو: چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی لایق دەروێشی و ئەرکان ڕەحمانی، لە کاتی کۆڵبەری و لە بەرزایییەکانی سنووری شاری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئاگوستی ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری شاری نەوسوود تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەشەوە لانی کەم دوو کۆڵبەربە ناوەکانی لایق دەروێشی و ئەرکان ڕەحمانی، خەڵکی شاری جوانڕۆ بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو کۆڵبەرە بە چەکی ساچمەیی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج و کەمەر و قۆڵیان پێکراوە، پاش برینداربوونیان بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی "قودس"ی شاری پاوە گواستراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی جولایی ساڵی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون یان بریندار بوون کە ١٤ حاڵەتی لە سنووری نەوسوود تۆمار کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە