هیوا عەزیزپوور، وەرزشکاری ناڕازی لەسەر ژاراویکردنی قوتابخانەکان، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا

هیوا عەزیزپوور، وەرزشکاری خەڵکی شاری سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەو

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٣:٤٧


هەنگاو: چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هیوا عەزیزپوور، وەرزشکاری خەڵکی شاری سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بەکۆی گشتی سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە دژی هێرشی کیمیاییی سیستەماتیکی حکوومەت بۆ سەر قوتابخانەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و بەم هۆکارەشەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٥ی جولایی ٢٠٢٣)، هیوا عەزیزپوور، ڕاهێنەر و وەرزشکاری خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە ڕەوتە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی"، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆی سزاکان، زۆرترین سزا واتە سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا عەزیزپوور تەنیا بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت "ڤیدیۆهەڵگرتن لە نارەزایەتییەکان لەسەر ژاراویکردنی قوتابخانەکان" تۆمەتی ئەمنییەتی دراوەتە پاڵی و دادگایی کراوە.

ناوبراو ڕاهێنەری هونەری وەرزشی نینجایە و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، دوای ١١٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە