دەستبەسەرکردنی ٢٢٥ هاووڵاتی لە مانگی جولایی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی جولایی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٢٥ هاووڵاتی

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٢:١٦


هەنگاو: چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی جولایی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٢٥ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە سەرانسەری ئێران دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر کە ١٦٨ هاووڵاتی دەستبەسەر کرابوون، ٥٧ حاڵەت کە دەکاتە ٣٤٪ زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی جولایی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٣١ هاووڵاتیی کورد کە دەکات ٥٨٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئێران، ١٩ بەلووچ، هەروەها ٢٩ ژن و ٧ منداڵ و ١١ هاووڵاتی بەهایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.


زیاتر لە ٥٨٪ی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتیی کورد بوون

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولایی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٣١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ژوئەن ٥٤ حاڵەت واتە ٧٠٪ زیادی کردووە و دەکاتە ٥٨٪ کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێراندا.

هەروەها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ١٩ هاووڵاتیی بەلووچ کە دەکاتە ٨.٥٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان، ٩ هاووڵاتیی تورک کە دەکاتە ٤٪ی هەموو دەستبەسەرکراوان و ٧ هاووڵاتیی لوڕ و بە ختیاری، هەروەها ٧ هاووڵاتیی گیلەک و مازنی کە دەکاتە ٦٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی جولایدا وەک مانگەکانی پێشووتر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو مانگەشدا لانی کەم ١٦ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ژوئەندا ١١ حاڵەت واتە ٢٢٠٪ زیادی کردووە.


هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١١ کەس لەو چالاکە ئایینییانەی دەستبەسەر کراون، پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون کە ٦ کەسیان ژن و ٥ کەسیشیان پیاو بوون. هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤ چالاکی سوننە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و چالاکوانێکی دیکەش لە بەلووچستان دەستبەسەر کراون.


دەستبەسەرکردنی ٢٩ ژن و ٧ منداڵ لە مانگی جولایدا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٩ ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ١٣٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

شایانی باسە کە مانگی ڕابردوو، لانی کەم ٧ ژنی چالاکی کورد و ٦ ژنە چالاکی بەهایی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا لانی کەم ٧ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤ لەو منداڵانەی دەستبەسەر کراون بەلووچ، ٢ منداڵی کورد و منداڵێکیش لە تاران بووە.


بەندکرانی مامۆستایان و قوتابییان و چالاکانی ڕاگەیاندن

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم خوێندکارێک بە ناوی نازیلا مەعرووفیان و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەر لەم ماوەیەدا لانی کەم مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی سامان پاشایی و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا لانی کەم ٨ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و هەروەها ٧ هونەرمەند و ئەکتەر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە ناسنامەی سەرجەم ئەم ٢٢٥ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە