هونەرمەند سامان یاسین، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە
هونەرمەند سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کرماشان لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە و تا هەنووکەش هۆکا
هەنگاو: پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
هونەرمەند سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کرماشان لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە و تا هەنووکەش هۆکاری گواستنەوەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هونەرمەند سامان یاسین، بەندکراوی سیاسیی کورد و ڕاپەر و ئاوازدانەری تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٨ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە هونەرمەندە دەستبەجێ و لەگەڵ کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دیکە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.
سامان یاسین لەم پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەوە بۆ ناوەندیی دەروننانسی ئەمین ئاوا گواستراوەتەوە و لەو ناوەندە بەزۆر و بەبەکارهێنانی توندوتیژی دەرزییەکیان لێداوە کە هەتا ئێستا نازانێت چ جۆرە دەرمانێکی تێدابووە.
بەوتەی ئەم هونەرمەندە لاوە، دوای لێدانی ئەم دەرزییر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە هۆش خۆی چووە و کاتێک کە بەهۆش هاتووەتەوە، لە نەخۆشخانە بووە و دەست و لاقی بە زنجیر بە تەخت بەستراوەتەوە. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە دەزگایەک بە سەریەوە بەستراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بینایی کێشەی هەبووە.
سامان یاسین لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی نەخۆشخانە هەیە و وتوویەتی: "دەبێت من ببەن بۆ پزیشکی یاسایی، هەتا بزانرێت چ بەڵایەکیان بەسەرمندا هێناوە."
سامان یاسین لە بەشێکی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە پێش ئەوەی دەستبەسەربکرێت لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە و "دادوەر سەڵواتی و بەرپرسانی حکوومەت" لەبەرانبەر سڵامەتی گیانیدا بەرپرسیارن.
ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە چەند تۆمەتێک کە یەکێکیان "موحارەبە"بووە لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە دواتر لە دیوانی باڵای وڵات ڕەدکرایەوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچووەنەوەی دووبارە بۆ دادگای پێشوو ڕەوانە کرایەوە.
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، میوزیک ساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شار گواسترایەوە.