نامەی کراوەی سامان یاسین، هونەرمەند و بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ پارێزەران و ڕای گشتی

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:٣١


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی کورد و خەڵکی کرماشان، لە نامەیەکی کراوەدا کە بۆ ڕای گشتیی خەڵک و بەتایبەت بۆ پارێزەران بڵاوی کردەوە، بارودۆخی دەروونی و جەستەییی دژاوری خۆی لە بەندیخانە باس کرد و داوای کردووە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ناوبراو بە شێوەیەکی کراوە و ئاشکرا بەڕێوە بچێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سامان یاسین، تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕاپەر و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان، لەو نامەیەدا ڕوونی کردووەتەوە کە لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و دەرمانیدا ناچاریان بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە کە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بەندیخانە جیاوازەکان لە ئارادایە و هێشتاش ڕێگری لە پارێزەری تایبەت و هەڵبژێردراوی خۆی دەکرێت کە بچێتە سەر دۆسیەکەی ناوبراو.

ئەم هونەرمەندە کوردە، یەکەم داواکاریی خۆی لە نامە کراوەکەیدا پێش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین بەم شێوەیە نووسیوە: "داوا دەکەم خێرا و لە دەرفەتێکی گونجاودا پێش لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئەو پارێزەرەی هەڵمبژاردووە، بەڕێز ئەمیر ڕەئیسیان و گرووپەکەیان، بە شێوەیەکی یاسایی بچنە سەر دۆسیەکەم و ئەم داواکارییە بە نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرن و بەر لەوەی دانیشتنی دادگا بەڕێوە بچێت، هەلومەرجێک بڕەخسێنن کە لەگەڵم کۆ ببنەوە و چاوپێکەوتنمان هەبێت".

سامان یاسین زیاتر جەختی لەسەر کراوەییی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی کردەوە و نووسیویەتی: "پێویستە ڕێگە بدرێت پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەو دادگاییکردنەدا ئامادە بن و داواکاریی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە زووترین کاتدا بە نووسراو بۆ دادوەر سەڵواتی و بەرپرسان و دادگا بنێرن".

لە کۆتاییدا داوای لە باوکی توماج ساڵحی، هونەرمەندێکی دیکەی دەستبەسەرکراو کرد کە لە مانگی خەرمانان بەشداری لە دانیشتنی دادگاییکردنیدا بکات و نووسیویەتی: "بەڕێزیشیان کوڕەکەیان هاوهونەری بەڕێزی و خۆشەویستی منە و بەهۆی گۆرانی و ڕاپەوە لە بەندیخانەدایە".

سامان یاسین، ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە بەندیخانەی ڕەجاییشار پەیامێکی بڵاو کردەوە و باسی لەسەر کرد کە دوای گواسترانەوەی لە بەندیخانە بۆ ناوەندی دەروونناسیی ئەمین‌ئاوا، لە ڕێگەی لێدانی دەرزییەوە دەرمانێکی نەناسراویان پێ داوە و ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی؛ ئەم کارە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ بووە و تەنانەت هەواڵێکیان لەسەر من بڵاو کردووەتەوە کە گوایە من خۆم کوشتتووە و ڕایگەیاند: "من هیچ کاتێک دەست بۆ خۆکوژی نابەم و هەر بەڵایەکیش کە بەسەر من بێت ڕاستەوخۆی دادوەر سەڵواتی بەرپرسیارە".

ئەم ڕاپەڕە شەوی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە ناوەندی دەروونناسیی ئەمین‌ئاوا بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشار گواستراوەتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ئەمساڵ دانیشتنی دادگاییکردنی خۆی بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هونەرمەند سامان بە شێوەیەکی خێرا لەگەڵ کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٨ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراونەتەوە.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە چەند تۆمەتێک کە یەکێکیان "موحارەبە" بووە لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە دواتر لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و دۆسیەکەی ناوبراو بە مەبەستی پێداچووەنەوەی دووبارە بۆ دادگای پێشوو ڕەوانە کرایەوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.

 

 


نامەی کراوە


پارێزەران و جەماوەری هێژا، سڵاو

سامان یاسین (سیدی) لە بەندیخانەی ڕەجاییشار

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ١٠ مانگەی کە لە ماڵەکەی خۆم ڕفێندرام و لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و دەرمانیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووم، هەروەها بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسم و گواستنەوەم بۆ بەندیخانە جۆراوجۆرەکان و ڕێگەنەدان بە پارێزەری تایبەت و هەڵبژێردراوی خۆم کە بێتە سەر دۆسیەکەم، ئەم دەقە دەنێرم و بڵاو دەکەمەوە. چونکە ئەگەری ئەوەی کە دیسان جارێکی تر بۆ شوێنێکی نادیار بگواسترێمەوە، هەموو ساتێک لە مێشکمدایە.

"کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردن لە ١٨ خەرمانان ڕاگەیەندراوە".

داوا دەکەم خێرا و لە دەرفەتێکی گونجاودا پێش لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئەو پارێزەرەی هەڵمبژاردووە، بەڕێز ئەمیر ڕەئیسیان و گرووپەکەیان، بە شێوەیەکی یاسایی بچنە سەر دۆسیەکە و ئەم داواکارییە بە نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرن و بەر لەوەی دانیشتنی دادگا بەڕێوە بچێت، هەلومەرجی بڕەخسێنن کە لەگەڵم کۆ ببنەوە و چاوپێکەوتنمان هەبێت.

داواکاری دواتر:
دادگا کراوە بێت و پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی بەڕێزی ناوخۆی ئێران و هەروەها ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ڕێگەیان پێ بدرێت کە لەو دادگاییکردنەدا ئامادە بن و داواکاریی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە زووترین کاتدا بە نووسراو بۆ قازی سەڵوەتی و بەرپرسان و دیوان و... بنێرن.

جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە دادگا دەبێت کراوە بێت و بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەڕێز و پارێزەرانی نێونەتەوەییی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی و نێونەتەوەیی بەڕێوە بچێت.

لە کۆتاییدا:
داوا لە باوکی توماج ساڵحی دەکەم لە دادگاییکردنەکەم ئامادە بێت. چونکە بەڕێزیشیان کوڕەکەیان هاوهونەری بەڕێز و خۆشەویستی منە و بەهۆی گۆرانی و ڕاپەوە لە بەندیخانەدایە.

شەمە، ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
بەندیخانەی ڕەجاییشار
سامان یاسین (سەیدی)
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە