هەڕەشەی تیرۆرکردنی فارووق ئەحمەدی، دانیشتووی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

هاووڵاتییەک بە ناوی فارووق (شاهو) ئەحمەدی، خوێندکار، چالاکی سیاسی و بواری ڕاگەیاندن، خەڵکی شاری شنۆ و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەهۆی

١٢ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٢:٤٣


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەک بە ناوی فارووق (شاهو) ئەحمەدی، خوێندکار، چالاکی سیاسی و بواری ڕاگەیاندن، خەڵکی شاری شنۆ و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەهۆی چالاکییەکانی و بەڕێوەبردنی لاپەڕەیەکی پڕبینەری ئینستاگرام، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ فارووق ئەحمەدی، تەمەن ٢٣ ساڵ، چالاکی سیاسی و بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری شنۆ کە دانیشتووی شاری هەولێری پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دوو ناوەندی حکوومەتیی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری شنۆ، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێ کراوە.

ناوبراو جگە لە کاری ڕاگەیاندن، هەنووکە لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر خوێندکاری بواری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە لە شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراون و لەسەر "دەرەنجامەکانی چالاکییە میدیاییەکانی" فارووق بە توندی هۆشدارییان پێ دراوە. ئەم دوو ناوەندە حکوومەتییە ئەو لاوە کوردەیان بە هاندانی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تۆمەتبار کردووە.

شایانی باسە کە فارووق ئەحمەدی، بەڕێوەبەری لاپەڕەی ئینستاگرامی "لاوان شنۆ"، سەرەتا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە بەڵێنی پێدانی پارە داوای هاوکاریی لێ کراوە و لەم دوایییانەشدا بە ئاشکرا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی لێ کراوە.

فارووق (شاهۆ) ئەحمەدی لە ساڵی ٢٧١١ بەهۆی بەردەوامیی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و شاهۆ درێژەی بە خوێندن و چالاکییەکانی داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە