گیانلەدەستدانی گوماناویی ژنێکی تەمەن سی ساڵ لە شاری مەلەکشایی

تاهیرە سادقی، ژنێکی لاوی خەڵکی شاری "مەلەکشایی"ی سەر بە پارێزگای ئیلام بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. تەرمی ئەو ژنە لاوە کاتێک دۆزراوەتەوە کە

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١١:٠٤


هەنگاو: هەینی، ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢

تاهیرە سادقی، ژنێکی لاوی خەڵکی شاری "مەلەکشایی"ی سەر بە پارێزگای ئیلام بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. تەرمی ئەو ژنە لاوە کاتێک دۆزراوەتەوە کە لەچکێک لە دەوری ملی بەسترابوو و شوێنەواری لێدان بە جەستەیەوە دیار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١١: ٠٠ی شەوی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ٢٠٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هاوژینی تاهیرە سادقی، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی، پەیوەندی بە دایک و باوکی ئەم ژنە لاوە گرتووە و ئاگاداری کردووەنەتەوە کە کچەکەیان بە خواردنی حەب کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێناوە و کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵ، کچەکەیان گیانی لەدەست داوە و ناوبراو تەرمەکەی بینیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە کە کاتژمێرێک پێش ئەم ڕووداوە لە ماڵی دایک و باوکی گەڕاوەتەوە ماڵی خۆیان، دوای مردنی شوێنەواری لێدان بە جەستە و بەتایبەت مل و شانییەوە دیار بووە و لەچکێک لە دەوری ملی بەسترابوو، هەروەها دەم و گوێشی خوێنی پێوە بووە.

هەر لەم بارەیەوە ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە پێشتر ناکۆکیی لەگەڵ هاوژینەکەی و بنەماڵەی هاوژینەکەی هەبووە و لەژێر گوشاردا بووە، تەنانەت چەندین جار لەلایەن ئەوانەوە لێی دراوە. شایانی باسە کە بنەماڵەی تاهیرە هیچ سکاڵایەکیان لەسەر هاوژینی کچەکەیان تۆمار نەکردووە و ڕایانگەیاندووە چاوەڕێی وەڵامی کۆتاییی پزیشکی دادوەرین و دوای وەڵامی پزیشکی دادوەری سکاڵا تۆمار دەکەن.

هەنگاو ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ گیانلەدەستانی تاهیرە سادقی بە "خۆکوشتن" یان "کوشتن" پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتی بکاتەوە، تەنیا لە کاتێکدا دەتوانێت کە بەڵگە و زانیاریی سەلمێنەری پێویست لە بەردەستدا بێت و بە هەنگاو بگات و لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا زانیاری ورد لە سەر ئەم دۆسیەیە بڵاو دەکەینەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە