سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە لێوەکانی دوورییەوە

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە بە دوورینەوەی لێوەکانی، مانی

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢١:٥٧


هەنگاو: شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە بە دوورینەوەی لێوەکانی، مانی لە خواردن گرت. ناوبراو سەرەڕای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکردن، هێشتا مافی مرەخەسی و ئازادیی بەمەرجی پێنەدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و خەڵکی شاری سەڵماس، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی و گرفتخولقاندن و کێشەنانەوەی بەرپرسانی ئەو بەندیخانە بۆ ناوبراو، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم دوایییانەدا جارێکی تر داوای ئازادیی کاتی و مەرجداری کردووە و ئەم داخوازییە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت کراوەتەوە. پاش ڕەوتکردنەوەی داخوازییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە لەم پەیەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "گرفتخولقاندنەکان و کێشەنانەوەکانی بەرپرسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەرانبەر بە سوهەیلا محەممەدی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت داواکاریی ناوبراوی بۆ چاوپێکەوتن و سەردانی داواکاری گشتیی ئورمیە ڕەت کردووەتەوە و ڕیگریی لێ دەکرێت".

ئەو بەندکراوە سیاسییە دایکی منداڵێکە و لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو و هەرەوەها بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەند چەقۆیەک لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دا کە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا.

شایانی باسە سوهەیلا محەممەدی کە بەهۆی گوشاری بەردەوامیی سوپای پاسداران لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراوە، لە پاییزی ساڵی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەبێ مافی ئازادیی کاتی، بەند کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە