دەستبەسەرکردنی ئازاد یارئەحمەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی ئاغەرەی تیکاب

مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد بە ناوی ئازاد یارئەحمەدی و خەڵکی گوندی "ئاغەرە"ی سەر بە شاری تیکاب، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراو

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٢:٠١


هەنگاو: یەکشەممە، ١٥ گەلاوێژی ٢٧٢٣

مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد بە ناوی ئازاد یارئەحمەدی و خەڵکی گوندی "ئاغەرە"ی سەر بە شاری تیکاب، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئازاد یارئەحمەدی و خەڵکی گوندی "ئاغەرە"ی سەر بە شاری تیکاب، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەو مێرمنداڵە لە درێژەی دەستبەسەرکردنی زەنجیرەییی هاووڵاتییانی دیکەی ئەو گوندەدا بووە و پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی ماوەی ڕابردووی خەڵکی ئەو گوندە بە دژی گەندەڵیی بەرپرسانی کانزای زێڕ لە دەوروبەری گوندەکەیان و بە نەبوونی هەلی دامەزراندنی خەڵکی ئاغەرە بووە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە؛ ڕۆژی دووشەممە، ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئاغەرە و بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەو گوندە بە دژی نەبوونی هەلی دامەزراندن لە کانزای زێڕی نزیک لە گوندەکەیان، لانی کەم ٥٠ هاووڵاتیی دانیشتووی ئاغەرە دەستبەسەر کراون و هەروەها وێڕای برینداربوونی سێ کەسی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە، خەسار و زیانی زۆریش بە ماڵ و ژیان و ئۆتۆمۆبیلەکانیان گەیشتووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە، ١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٣، لانی کەم ٤٦ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی "ئاغەرەی"ی تیکاب بۆ ناوەندە حکوومەتییەکانی شاری ئورمیە گواستراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە