ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر ئاگری بەربڵاوی دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان

لە پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردووەوە ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی شاری مەریوانی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە. سەرەڕای هەوڵی بەردوامی

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٣:٠٢


هەنگاو: دووشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

لە پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردووەوە ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی شاری مەریوانی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە. سەرەڕای هەوڵی بەردوامی چالاکانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییان کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرەدان، ناوەندە پەیوەندیدار و بەرپرسیارەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەم ڕاستایەدا هیچ هەنگاوێکی کارایان هەڵنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، دوای چوار ڕۆژ، ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە لە سەر لەبەیانی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژەوە دەستیپێکردوە، هەتا ئێستا بەردەوامە و دیار نییە هەتاکەی دەتوانرێت بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. ئەم ئاگرە حەوت ناوچەی لە دارستانەکانی مەریوانی گرتووەتەوە و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی "سەوزی چیا" و خۆبەخشان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، هەتا ئێستا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، ئەم ئاگرە سەرەتا لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندی "دەرەوەران" لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکردووە و هەتا ئێستا چەندین ناوچەی دیکەی دەوروبەری مەریوانی گرتووەتەوە.

بەهۆی بەربڵاوی و بەرفراوانبوونی ئەم ئاگرەوە ئەنجوومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان، بانگەوازی بۆ هاوکاری ڕوو لە خەڵکی مەریوان و شارە جیاوازەکانی کوردستان بڵاوکردەوە، هاووڵاتییانی کوردستان و خۆبەخشان بە شێوەیەکی بەرفراوان بە هانای ئەم بانگەوازەوە هاتوون، بەشێوەیەک کە تیمەکانی ژینگەپارێزی لە شوێنە جیاوازەکانی کورساتانەوە بەرەو مەریوان کەوتوونەتە ڕێ.

زۆری و بەرفراوانی ئەم ئاگرە بە ڕادەیەکە کە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، ئەنجوومەنی "سەوزی چیا" بەبڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ یەک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا ڕایگەیاند کە "لە مێژووی مەریواندا هەتا ئێستا ئاگرێک بەم بەربڵاوییە نەوکووەتەوە."

ڕەزا ئەکبەری، فەرماندەی یەکەی پاراستنی ڕێکخراوی سەرچاوە سروشتی و ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان ڕایگەیاندبوو کە "ئاگر بە نزیکەی ٣٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی مەریوانی گرتووەتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە چاوپێکەوتنێکدا بە نوێنەرایەتی ئەم ڕێکخراوە لە ڤیدیۆ ڕاپۆرتێکدا کە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان لە ئاگردا سووتاون."

هاوکات لەگەڵ هەوڵە بێ وچانەکانی خەڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، شەوی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، سێ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی و سەرکەوت عەبادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون.

هەر لەم ڕاستایەدا، دلێر محەممەدی دەرچووی بەشی کارەبا و خەڵکی گوندی "بالەک" سەر بە شاری مەریوان و ئالان ئەردەشیری، تەمەن ٣٢ ساڵ، کە هەردووکیان دانیشتووی شاری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزین، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بەرەبەیانی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەرکران.

بەردەوامی ئەم ئاگر و تەماشاچی بوونی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لەگەڵ ڕەخنەی توند ڕووبەڕووبوەوە کە لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی مانۆڕی چەند هەلیکۆپتەرێکی سوپای پاسداران بۆ ناوچەکە بەڕێ کران، کە بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، ئەم هەلیکۆپتەرانە بە شێوەیەکی مانۆڕی لە ناوچەکە فڕیون و هیچ چەشنە هاوئاهەنگێکیان لەگەڵ گرووپی ئاگرکوژێنەوە خۆبەخشەکانیان نەبووە.

شایەتحاڵان لەم بارەوە بە هەنگاویان ڕاگەیاند: "ئەم هەلیکۆپتەرانە لە چوارەمین ڕۆژی ئاگرەکە بە شێوەیەکی مانۆڕی و تەنیا بەمەبەستی پڕوپاگەندا نێردراونەتە ناوچەکە و هیچ ڕۆڵێکیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا نەگێڕاوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی هاووڵاتییانی ناوچەکە، هێزە چەکدارەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ دەستیان لە ئاگردانی دارستانەکانی مەریوان هەبووە. هەوڵنەدانی هێزە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و بەشدارنەبوونیان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خەڵکی بەو باوەڕە گەیاند کە ئاگرەکە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەئەنەست لە ناوچەکەدا کراوەتەوە.

لەو ڤیدیۆیانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، یەکگرتووییەکی بێ وێنە لە نێو خەڵک، ڕێکخراوە ژینگەپارێزییە مەدەنییەکان و ئەویندارانی ژینگەی کوردستان دەبینرێت. لەم نێوەدا بەتایبەتی ڕۆڵی ژنان لە گرووپەکانی کوژاندنەوەی ئاگر و هێزەکانی پشتیوان بۆ دابینکردنی هاوکاری و خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت کە لەم ڕاستایەدا چالاکانە بەشدارن.

سەرەڕای دەربڕینی ڕێز و سوپاسگوزاری لەبەرانبەر کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بۆ ئەم کۆبوونەوە و هەوڵە بێ وێنەیان، هەنگاو جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکان بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی تەندروست پاراستن و پارێزگاریکردن لە ژینگەکەیەتی و هیوادارانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرە چاوی لەدەستی چالاکانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییانی خاوەن بەرپرسیارەتییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە