سنووری شنۆ/ سەربازێکی کورد لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا

فەرزاد مەحموودی، تەمەن ٢٠ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، کە ماوەی دوو ساڵ سەربازی زۆرەملێی تێدەپەڕاند، لەلایەن فەرماندەکەیەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراو و کوژرا.

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:٢٥


هەنگاو: سێشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

فەرزاد مەحموودی، تەمەن ٢٠ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، کە ماوەی دوو ساڵ سەربازی زۆرەملێی تێدەپەڕاند، لەلایەن فەرماندەکەیەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراو و کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٣٣)، فەرزاد مەحموودی، خەڵکی پیرانشار لە بنکەی سەربازی سنووری "کێلەشین" لە شنۆ بە دەستی یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو بنکەیە تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزاد مەحموودی لەلایەن فەرماندەکەیەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە و دوو گوللە بەر سەری کەوتووە. ناوبراو پێشتر لە پایەگای سنووری چیانەی پیرانشارەوە بۆ پایگای کێلەشین گواسترابووەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی مەحموودی کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان میدیایی بکەنەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم شەش لاوی کورد لەماوەی تێپەڕاندنی ماوەی سەربازیی زۆرەملێیاندا یان لەلایەن فەرماندەکانیانەوە کوژراون و یاخود کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە