ناڕوونیی چارەنووسی پوریا و سەحەر ئەحمەدی، دوو هاوژینی دەستبەسەرکراو؛ دەستبەسەکردنی کاتیی دایکی پوریا

سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی حەفتەیەک لە دەستگبەسەرکردنی پوریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و سەحەر ئەحمەدی، هاوژینی ناوبراو تێپەڕ دەبێت، تاکوو ئێستا چارەنووسیان

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:٢٠


هەنگاو: سێشممە، ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی حەفتەیەک لە دەستگبەسەرکردنی پوریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و سەحەر ئەحمەدی، هاوژینی ناوبراو تێپەڕ دەبێت، تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە. لەم دوایییانەشدا دایک و باوکی پوریا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی کاتی دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، دایکی پوریا ئەحمەدی کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخ و چارەنووسی کوڕ و بووکەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەی کردووە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستبەسەر و و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی، دوای شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی پوریا ئەحمەدی، تا هەنووکە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و سەحەر ئەحمەدیی هاوژینیشی، تەنیا یەک جار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەدا لەگەڵ کوڕە چوار ساڵانەکەیان بۆ ماوەیەکی کەم قسەی کردووە.


هەر لەم پەیوەندییەدا ئەو سەرچاوەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "بەرزین ئەحمەدی، کوڕی چوار ساڵەی ئەم دوو هاوژینە بەندکراوەی خەڵکی شاری سنە، ئەویش بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک لەگەڵ دایک و باوکی دەستبەسەر کرابوو و لە ئێستادا بەهۆی ئەو پێشهات و بارودۆخی حەفتەی ڕابردوو، لە دۆخێکی دەروونیی باشدا نییە و باری دروونیی ئەو منداڵە چوار ساڵەیە خراپە".


ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، پوریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاوژینەکەی بەناوی سەحەر ئەحمەدی لەگەڵ منداڵە چوار ساڵانەکەیان بە ناوی بەرزین ئەحمەدی، لە کاتی ڕۆیشتنیان لە شاری سنە بەرەو شاری مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئۆتۆمبێلەکەیان دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و دوای ڕاگیرانیان دەستبەسەر کراون.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تردا ڕایگەیاند: "کاتێک دوای ٢٤ کاتژمێر بەرزین ئەحمەدی، تەمەن ٤ ساڵان ئازاد کراوە و ڕادەستی دایک و باوکی پوریا ئەحمەدی کراوە، ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەی ئەم منداڵەوە دیار بووە". هەروەها هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم بنەماڵەیە و بەتەواوەتی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر بەشێک لە کەلوپەلی تایبەت و تاکەکەسییەکانی پوریادا گرتووە.


پوریا ئەحمەدی، ئەندامی پێشووی لقی کوردستانی "یەکێتیی نەتەوەیی" (وحد ملی)، پێشتر لە ساڵەکانی ٢٧١٩ و ٢٧١٨ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە