دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری سەقز

یەک مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەتی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تێ دەپەڕێت و هەتا ئێ

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢١:٠٠


هەنگاو: سێشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

یەک مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەتی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تێ دەپەڕێت و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. ئەم نووسەرە پێشتر کاری دەستفرۆشی ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فیرووز عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٥٤ ساڵ، نووسەری کتێبی منداڵان و خەڵکی سەقز، بۆ ماوەی یەک مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فیرووز عەبدوڵڵاهی، ئەم هاووڵاتییە لە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری شەش کتێبی بیاڤی منداڵانە و بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە گۆڕەپانی "هەڵۆ"ی شاری سەقز خەریکی کاری دەستفرۆشییە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم نووسەرە خاوەن پێداویستییە تایبەتییە لەبەردەستدانییە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتوون، ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٨ی جولایی ٢٠٢٣) لە هێرشێکدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات فیرووز عەبدوڵڵاییاندەستبەسەر کردووە. هەروەها دەستیان بەسەر چەند کەلوپەلێکی تاکەکەسی و مۆبایلی ناوبراودا گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە