سوهەیلا محەممەدی، لەژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا. ناوبراو لە

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٣:٣١


هەنگاو: سێشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا. ناوبراو لە بارودۆخی نالەباری جەستەیی و دەروونیدا، لە ڕۆژی شەممەی ئەم حەفتەیەوە لەسەر بارودۆخی خۆی لەو بەندیخانەیە بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت و ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سەڵماس لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، دوای چوار ڕۆژ مانگرتن، بە کردنەوەی لێوی کە پێشتر دووریبووی، کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو ژنە بەندکراوە کە لە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژەوە دەستی بە مانگرتن کردووە، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی شکاندنی مانگرتنەکەی، لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا بووە و ئەویش ڕایگەیاندووە؛ ئەگەر پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی لەوە زیاتر دوا بخرێت، "هەوڵی خۆکوشتن دەدات". ناوبراو زستانی ڕابردووش جارێکی تر هەوڵێکی خۆکوشتنی دا بەڵام لەلایەن هاوبەندییەکانەوە ڕزگار کرا.

هەر لەم پەیوەندییەدا ئەو سەرچاوەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: سوهەیلا محەممەدی، بەهۆی ئەوەی کە ماوەی سێ ساڵە لە کوڕە منداڵەکەی دابڕاوە و هەروەها بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەکانی لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییانەوە، لە دۆخێکی جەستەیی و دەروونیی خراپدایە کە جێی نیگەرانییە.

مانگرتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە دوای ڕەتکردنەوەی داخوازیی ناوبراو بۆ پێدانی ئازادیی کاتی، مەرجدار و بە پابەندی ئەلیکترۆنیی، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستی پێ کرد و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ ساڵ لە سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی، بەڵام هێشتا لە مافی ئازادیی کاتی، بێبەری و بێبەش کراوە.

ئەو هاووڵاتییە دایکی منداڵێکە و لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو و هەرەوەها بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەند چەقۆیەک لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دا کە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا.

شایانی باسە سوهەیلا محەممەدی کە بەهۆی گوشاری بەردەوامیی سوپای پاسداران لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراوە، لە پاییزی ساڵی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەبێ مافی ئازادیی کاتی، بەند کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە