دەستبەسەرکردنی سۆران جەهانی، چالاکی ڕاگەیاندن و کۆمیدیەن لە شاری مەریوان

سۆران جەهانی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمیدیەنی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراوە و دوای چەند کاتژمێر ل

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٢:٣٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سۆران جەهانی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمیدیەنی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراوە و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەی، ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، سۆران جەهانی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمیدیەنی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ئەوەی کە لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارەوە بانگ کراوە و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە چالاکەی بواری ڕاگەیاندن و کۆمیدیەنە کوردە، دوای بانگکردن و سەردانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بەتوندی گوشاریان خستووەتە سەری و دوای شەش کاتژمێر دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ هەنووکە دەست بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گیراوە و لاپەڕەی بڵاوکردنەوەی بابەت و کارە کۆمیدییەکانی لە بەردەستی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندایە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵەدا، نەزانراوە کە چە تۆمەتێک خراوەتە پاڵ ئەم کۆمیدیەنە کوردە. سۆران جەهانی، بەرهەمهێنەری ڤیدیۆ و بابەتی کۆمیدییە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاویان دەکاتەوە، خەڵکێکی زۆر لاپەڕەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە ئینستاگرام فاڵۆ کردووە و بوونەتە بەردەنگی کار و چالاکییەکانی.

شایانی باسە کە سۆران جەهانی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە