دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ئەرسەلان یووسفی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ئەرسەلان یووسفی، لە هەشت ڕۆژ لەمەوبەرەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا هەنووکە چارەنووسی ناڕوونە.

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:٣٧


هەنگاو: شەممە، ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ئەرسەلان یووسفی، لە هەشت ڕۆژ لەمەوبەرەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا هەنووکە چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ماوەی ٨ ڕۆژە ئەرسەلان یووسفی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هێزانە ئەم هاووڵاتییە لاوەیان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی وەک ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

شایانی باسە کە ناوبراو تاکوو ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.

ئەرسەلان یووسفی، ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ دەستبەسەر کراوە و تا هەنووکە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە