شۆڕش مروەتی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە

شۆرش مروەتی بەندکراوی مەحکووم بە سزای سێدارە کە پێشتر لە ڕەوتی شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندی سەقز هەڵاتبوو و دواتر دەستبەسەر کرابوویەوە، بە م

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٥:٢٢


هەنگاو؛ دووشمە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

شۆرش مروەتی بەندکراوی مەحکووم بە سزای سێدارە کە پێشتر لە ڕەوتی شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندی سەقز هەڵاتبوو و دواتر دەستبەسەر کرابوویەوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ (شۆڕش مروەتی بەندکراوی مەحکووم بە سزای سێدارەی خەڵکی سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و بڕیارە سزاکەی لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو بەندیخانەی سنە، هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی شۆڕش مروەتی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە هەموو هێڵەکانی تەلەفۆن لەو بەندیخانەیە پچڕاوە هەتا پێش بە درزەکردنی هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراو بگرن.

شۆڕش مروەتی پاییزی ساڵی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لە ڕەوتی شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوویەوە و ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ دوای ١٠ مانگ سەرلەنوێ بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی سنە گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە کە چواردە ساڵە لە بەندیخانەیە ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ لە ڕەوتی شۆڕش و هەڵاتنی بەکۆمەڵی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز هەڵاتبوو. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلیوەی هەمان ساڵ و پاش ١٠ ڕۆژ سەرلەنوێ لە گوندی سەبەدلووی بانە دەستبەسەر کرایەوە.

شۆڕشی مروەتی ١٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی دزی چەکدارانە لە شاری تاران دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

شایان سەعیدپوور و مستەفا سەلیمی دووی دیکە لەو بەندکراوانە بوون کە دوای دەستبەسەرکرانەوەیان لە دوای شۆڕشی بەندیخانەی سەقز بە خێرایی و هەمان ساڵ سزاکەیان جێبەجێکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە