بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان گەیشتە ٩ مانگ

دوای تێپەڕبوونی ٢٧٠ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆ

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:١١


هەنگاو: دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

دوای تێپەڕبوونی ٢٧٠ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی ٩ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مامە لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: لە دوایین هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو، سەردانی ئیدارەی "ئاگاهی"یان کردووە و بەرپرسانی ئەو ئیدارەیە لە وەڵامی داخوازیی ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە: "بەهۆی ئەوەی کە دۆسیەی عوسمان مامە لەژێردەستی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندایە، ئەگەری بەدواداچوونی دژوار و نەلواوە و لەوانەیە لێکەوتەی خراپیشی لێ بکەوێتەوە".


لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا بنەماڵەی عوسمان سەردانی ئیدارەکانی ئەماکن، ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەزگای دادوەری، بەندیخانەکانی بۆکان و سەرجەم ناوەندە دادوەری و حکوومەتییەکانیان کردووە و تاکوو ئێستا هیچ وەڵام و ئاکامێکیان دەست نەکەوتووە.


هەروەها ئەم بنەماڵەیە چەندین جار سەردانی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئورمیەشیان کردووە، بەڵام ئەو ناوەند و دەزگا حکوومەتییانە تەنانەت ڕفاندنی عوسمان مامەیان ڕەت کردووەتەوە و هەندێک جاریش ئامادە نەبوون وردەکارییەکان بە بیانووی ئەوەی کە "دۆسیەیەکی ئەمنییەتییە"، بخەنە ڕوو.


عوسمان مامە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتووە و بەم هۆیەشەوە ترس و نیگەرانییەکی لەڕادەبەدەری ڕۆحی و دەروونی بەسەر ئەو بنەماڵەیەدا زاڵ بووە.

شایانی باسە کە پێش ئەوەی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێسەروشوێن بکرێت، ناوبراو وەک کرێکار لە شوێنێکی بەخێوکردنی مریشک (کێڵگەی پەلەوەر) لە شاری "دووکان"ی هەرێمی کوردستان کاری کردووە.

عوسمان مامە، خەڵکی شاری بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستەش چارەنووسی ناڕوونە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پاڵپشتی لە هەموو کەسە بێسەروشوێنکراوەکان، حکوومەتی ئێرانی بە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە تاوانبار دەکات و لەو پەیوەندییەدا داوای وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، هەروەها خوازیارە باری یاسایی و مافەکانی ئەو بنەماڵەیە ڕەچاو بکرێت و عوسمانیش لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەری و بێبەش نەکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە