دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە یەکێکیان لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵە
دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی هۆشیار قادری، تەمەن ١٧ ساڵ و لوقمان سوخەنوەر، خەڵکی گوندی "شیناوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراو
هەنگاو: سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی هۆشیار قادری، تەمەن ١٧ ساڵ و لوقمان سوخەنوەر، خەڵکی گوندی "شیناوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیان بە ناوی لوقمان سوخەنوەر لە بازاڕی ئەو شارە ڕاگرتووە و ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هاوکات ئەو هێزانە هەڵیانکوتایە سەر گوندی شیناوێ و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی هۆشیار قادری، تەمەن ١٧ ساڵیان بەبێ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کردووە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.