نازیلا مەعرووفیان و دایکی دەستبەسەرکرانەوە؛ نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی ناوبراو لە بەندیخانە

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژێک دوای ئازادیی کاتی ناوبراو بە دانانی بارمتە، لە کاتی سەردانی بنکەی پۆلیس بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکە

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٨:٤٢


هەنگاو: سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژێک دوای ئازادیی کاتی ناوبراو بە دانانی بارمتە، لە کاتی سەردانی بنکەی پۆلیس بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەگەڵ دایکی بە ناوی فەریدە ڕەبانی، دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری تاران، پاش ئەوەی سەردانی بنکەی پۆلیسی ١٠٦ی تاران کرد بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی، بە شێوەیەکی دڕندانە لەگەڵ دایکی جارێکی تر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی تاران دەستبەسەر کرایەوە و بۆ بەندیخانەی قەرچەک گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە کاتی لێدانی و بێڕێزیکردن بەم ڕۆژنامەنووسەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە وەڵامی هاواری دایکی ناوبراو بە ناوی فەریدە ڕەبانی کە وتبووی؛ دەتانهەوێت کچەکەی منیش وەک ژینا ئەمینی بکوژن، هیزە حکوومەتییەکان وتبوویان: "بەڵێ، وەک چۆن ئەومان کوشت، ئەمیش دەکوژین".

شایانی باسە کە فەریدە ڕەبانی، دایکی نازیلا مەعرووفیان دوای ماوەیەکی کەم لە گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی قەرچەک ئازاد کرا، بەڵام ئەم ڕۆژنامەنووسە خۆی تاکوو ئێستا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە. بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا بەندیخانەی قەرچەک هیچ بەندکراوێکی سیاسیی ژنی تێدا نییە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٨ی جولایی ٢٠٢٣)، نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئێڤین لە تاران بانگ کرا، جارێکی تر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چل ڕۆژ، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ ڕایگەیاند؛ لەلایەن دادگا بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری" سزای دوو ساڵ بەندکردن و پێنج ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی لە ئێران و پێ بژاردنی ١٥ ملیۆن تمەنی ئێرانی سزای بەسەردا سەپاوە.

نازیلا مەعرووفیان، پێش ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، وەک هەواڵنێری ناوەندی ڕاگەیاندنی "ڕوویداد ٢٤" چالاکی دەکرد و دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، شەوی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە. دواجار لە ١٩ی بەفرانبار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە