دەستبەسەرکردنی حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

کۆمەڵێک لە هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی حوسێن مەحموودپوور و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەس

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٩:٠٩


هەنگاو: سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

کۆمەڵێک لە هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی حوسێن مەحموودپوور و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، حوسێن مەحموودپوور، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "گەرگوول"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆمەڵێک لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حوسێن مەحموودپوور، تەمەن ٤٥ ساڵان و وێڕای زاڵکردنی دۆخێکی ترسێنەر، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە