ناڕوونی چارەنووسی کەبیر محەممەدی، خەڵکی مەریوان، لەدوای دستبەسەرکرانییەوە

هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی مەریوان بەناوی کەبیر محەممەدی، لە یەک مانگ پێشەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:٢٣


هەنگاو: چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی مەریوان بەناوی کەبیر محەممەدی، لە یەک مانگ پێشەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یەک مانگ پێش، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەریوان کەبیر محەممەدی تەمەن ٢٩ ساڵ و کرێکاری بیناسازیان دەستبەسەرکردووە و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەبیر محەممەدی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، لەماوەی یەک مانگ دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، هەتا ئێستا تەنیا توانیویەتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت بە بنەماڵەکەیەوە بگرێت و لەم پەیوەندییەدا پێی ڕاگەیاندوون کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە. ئەم هاووڵاتییە کە بە تازەیی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە، لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەرییە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: بنەماڵەی کەبیر محەممەدی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە چاویان بە ناوبراو بکەوێت و هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران و بارودۆخی ڕاگیرانی کوڕەکەیان نییە.

کەبیر محەممەدی، لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لە شوێنی کارەکەی خۆی لە مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دواتر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری سنە کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە